محـەمـەد بـەرزی
ئەمەریکا
لە هەر وڵاتێکدا دەسەڵاتی دیوانی چاودێری دارایی هاوتا و
هاوسەنگی دەسەڵاتەکانی یاسا دانان و جێبەجێکردن نەبێت و لە بڕیارە سیاسی و
ئابورییەکاندا هەمان هێز و قورسایی ئەوانی نەبێت ، ئەوا دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە
تەنها سەرۆکێکدا کۆدەبێتەوە ، ئەو سەرۆکەش دەبێتە کەسێکی تاکڕەوی خۆسەپێنەری خۆپەرست و بە تەواوی یاسا فەرامۆش
دەکات و بەرژەوەندی تایبەت دەخاتە سەرووی بەرژەوەندی گشتییەوە و لە ئەنجامدا دەرگای گەندەڵی واڵادەبێت و تاڵانی
و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی گشتی پەرەدەسێنێت و وڵات ڕووبەڕووی وەیشومە و قەیران
و قاتوقڕی و برسێتی و مەترسی گەورە دەبێتەوە و هیچ مانایەکیش بۆ مافی گشتی و
ئازادی و دیموکراتی نامێنێتەوە .بێگومان حکومەتی هەرێم لە ڕۆژی
دروستبوونییەوە دەکەوێتە خانەی حکومەتە خۆسەپێنەرە تاکڕەوەکانەوە . نە بەتەنگ ماڵ
و موڵکی گشتییەوەیە و نە ڕێز لە یاسا و دەستاودەستی دەسەڵات دەگرێت و نە بەهای مەینەتی و مێژووی خوێناوی میللەتەکەی خۆشی دەزانێت، ئەوەندەش بێ
باکە لە قسەی خۆی زیاتر ، گویێ لە قسەی
کەس ناگرێت... دیارە لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی خراپی لەمجۆرەدا چاکسازیی و بەرگریکردن
لە گەندەڵی کارێکی ئێجگار ئەستەم و گرانە .بەڵام لە هەموو سەردەمێکدا و لە ناو هەموو
میللەتێکدا ، کەسانی ئازا و بوێر و پیاوی
پیاوانەی دڵسۆزی وا هەبووە لە پێناوی خزمەتکردنی نیشتمان و بەرژەوەندی
گشتی و سەروەت و سامانی میللەتدا ئامادەبوون سەری خۆیان دابنێن وبە کژ گەندەڵی و تاڵانیدا بچنەوە و
باکیشیان لە هەڕەشە و مەترسییەکانی
سەر ژیانی خۆیاننەبێ . شایانی باسە یەکێک لەو کەڵە پیاوە پاکانە ، کە خەمی گەلەکەی
لە کۆڵ ناوە کاک جەلالی عومەری سام ئاغایە .کاتێک وەک سەرۆکی دیوانی چاودێری
کاردەکات ، بە هەموو هێز و توانایەکییەوە دەیەوێت ئەو دەزگایە چاوی کراوەی گەل بێت
و دەسەڵاتەکانی هاوتای دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن بێت ، تا بتوانێت بە باشترین شێوە
چاودێری وردی خەرجکردنی داهاتی ساڵانە بکات و موڵک و ماڵی گشتی بپارێزێت و بەر لە
لێشاوی ئەو هەموو گەندەڵییە بگرێت ، کە جەستەی کۆمەڵگاکەمانی داڕزاندووە و ئابوری وڵاتی بەرەو داڕمان و هەرەس بردووە . ئەم پیاوە مەردە توانیویەتی لە ماوەیەکی کورتدا
ساڵانە دەیان ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و بێ
ترس و پرس دەستبکات بە قوڕگی دزە گەورەکاندا و چۆکیان پیێ دابدات و ببێتە گابەردی سەر دڵیان . خۆ کاتێکیش سەرکردەکان و سیاسییە بیرکۆڵەکان و
خاوەن کۆمپانیا بێ ویژدانەکان لە هەموو هەستێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەشۆرێنەوە و وەک
نەهەنگی برسی بە ڕاست و چەپدا هەموو شتێک قووتدەدەن و بە تاڵانی دەبـــەن ، ئـــازایــانــە نــاو و دۆســییــەی ( ٨٦ ) کـــەس و
( ٢٧٢٥ ) ڕاپۆرت ڕادەستی داواکاری گشتی هەرێم دەکات ، کە هەتا
ئێستا تەنها چوار دۆسییە جوڵێنراون و دەسەڵاتیش ، کە پشکی شێری لە گەندەڵیدا هەیە ( ٨٢ )دۆسێیەی
لیێ سڕ و فەرامۆشکردووە ، کە سەدان ملیۆن دۆلاری دزراو و هەزاران پارچە زەوی و
موڵک و ماڵی گشتیی تاڵانکراویان گرتۆتە خۆیان و لە بەرامبەریشدا دزە گەورەکان بۆ
شاردنەوەی ئابڕوی خۆیان و پڕکردنی گیرفانیان بەردەوام ویستوویانە دەنگی ڕەوای کاک جەلال بە ژەهر و هەڕەشە کپ و خامۆش بکەن .بێگومان لەبەر نەبوونی یاسا و
بەدەنگەوەنەهاتنی دەسەڵات بۆ ئەو
ڕاپۆرتانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەندەڵی زیاتر پەرەدەسێنێت و دەچێتە ئاستی تاڵانییەوە و
تەنها دەزگایەک ناتوانێت بەری پیێ بگرێت ، بۆیە ئەم پیاوە تێکۆشەرە ، کە
بە موو لە ڕاستی لای نەداوە ، نامەی دەست
لە کارکێشانەوە بۆ جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆمار و سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی
یەکێتی دەنێرێت و تێیدا دەڵێت : ( شەرەفمەندنیم بە وەزیفەکەتان ، چونکە من جسمێکی
غەریبم لە نێوانتاندا ) و پاشان بە ویست و
ئارەزووی خۆی واز لە پلەی وەزیریی دەهێنێت ،
بەمەش باشتر ڕێگا بۆ دزینی سەروەت و سامانی وڵات واڵا دەبێت و حاڵی
وڵاتەکەمان دەگات بەم ڕۆژە ڕەشەی ئەمڕۆمان ، کە جگە لە داڕمانی ژێرخانی ئابووریمان
و نەمانی پارە لە بانقەکاندا ، ئەوەتا بە
چوار پێنج مانگ حکومەت ناتوانێت نیو مووچە بۆ کارمەندەکانی خۆشی
دابینبکات .
ئەوەی شایانی باسە کاک جەلال لە دەرخستنی گەندەڵییدا
خزمەتێکی زۆر گەورەی کردووە ، بە جۆرێک ناو و ناوبانگی سنوری کوردستانی بڕیوە و
گەیشتۆتە دەرەوەی وڵاتیش ، ئەوەتا لە لایەن یەکێتی ئابوری ناسان و کارگێریی ناسانی
دەوڵەتەکانی ئەوروپاوە ڕێزی لێنراوە و پاداشتی ساڵانەی لە بواری دەستپاکیدا پیێ بەخشراوە و وەک
کەسایەتی ساڵیش دەستنیشانکراوە ، سەرباری
ئەمانەش ڕۆڵی گرنگی کاک جەلالی عومەری سام
ئاغا هەر ئەوە نییە ڕووبەڕووی گەندڵکارە
زلحۆرتەکان بۆتەوە و پەردەی لەسەر ڕوو لابردوون ، بەڵکو دەیان هەڵویستی دڵسۆزانەی
هەیە ، کە دەکرێت لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێکیان بکەم :
١ - خانووەکەی
یەکێکە لە خانووە جوان و دڵگیرەکانی گردی
سەرچناری سلێمانی ، کە لە کاتی خۆیدا بە بڕی ( ٧٠٠ هەزار ) دۆلار خەمڵێنراوە ، بێ
بەرامبەر بەخشیویەتی بە وەزارەتی
تەندروستی تا دوای خۆی بکرێت بە
بنکەیەکی تەندروستی و خزمەتی هاوڵاتیان بکات و لە ساڵی ٢٠٠٢ وە تاپۆی ئەو خانووە خراوەتە سەر وەزارەتی ناوبراو .
٢ - لە ناوچەی
ئابڵاخ خاوەنی زەوییەک بووە و فرۆشتویەتی و پارەکەی لە بانقدا بە ناوی دەزگای
چاودێرییەوە داناوە و ساڵانە سودەکەی وەک
ڕێزلێنان پێشکەشی فەرمانبەرانی سەرکەوتو و چەند خانمێکی سەلاری دیوانی چاودێری
دەکرێت .
٣ – پێشنیار بۆ
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کردووە ، کە مانگانە موچەی خانەنشینییەکەی ببەخشرێت بە دەزگای
شەهیدان و کەمئەندامان .
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم کاک جەلال چرایەکی گەشی
نیشتمانەکەمانە ، هەموو خەون و
خولیایەکی ژیانی ئەوەبووە خزمەتی خاک و
خەڵک بکات ،دیارە دزەکان کە وەک زەروو
بەربوونەتە گیان و جەستەی شەکەتی ئەم میللەتە کڵۆڵەمان ، ویستییان بە گەروویەکی پڕ لە ژەهرەوە فوو لەو
چرایە بکەن و بەتەواوی خامۆشی کەن ، بەڵام ئێستا ئەو پیاوێکە لە پەڕەی گوڵ پاکتر و لە
جاران گەشترو ڕووناکترە و جێگای ناخی دڵ و
دەروونی هەزاران هەزار کوردی بەشەرەفە و دڵنیام ڕۆژێک لە ڕۆژان ، کە دەسەڵات
دەگاتە دەستێکی پاک و بێگەرد ، ئەوا لە ناوەڕاستی باخێکی پڕ لە گوڵە باخی سپیدا
پەیکەرێک بۆ ئەو چرا گەشەی نیشتمان دەکرێت و بەردەوامیش بۆن و بەرام و شنەی ئەو
باخە خۆشەش باوەشێنی ڕۆحمان دەکات و
ناخمان پڕدەکات لە پاکیی و نەوەکانی داهاتووش فێری دەستپاکی و خۆشەویستی نیشتمان
دەکات ... بێگومان ئەو کەسانەشی دەنکە جۆیەکی ماڵی میللەتیان خواردووە ، ئەوا زوو بێت یان درەنگ بەر شەقی زەمانە دەکەون ، جا جێگای خۆشییەتی هەر لێرەدا هۆنراوە
بەرزەکەی شێخ ڕەزای تالەبانی بیری ئەو کەسە مشەخۆرانە بخەینەوە، کە چاویان بە کەسانی وەک کاک جەلالدا
هەڵنایەت و سەرقاڵی دزینی داهاتی میللەتێکی ئەنفالکراون ، تا چاک بزانن هەتا سەر ئاوا نایخۆن ، چونکە ئەوەی بە دزی گندۆران بخوا ، دەبێ
ڕۆژێک لە ڕۆژان کوتەکەکانی سەروگوێلاکی
خۆشی بژمێرێ :
لێگەڕێ با کەر لە ناو قەرسیلدا یاری بکا
ڕۆژێک ئەبێ خاوەن قەرسیل کەر دارکاری بکا
No comments:
Post a Comment